شوان داودى لەسجنەوە : پەشیمان
نیم لە هەڵوێستەکانم
بەڵێ کەمال مستەفا لە درێژەی چاکسازیەکانی حکومەتدا خانەنشین کرا
دوای هەستکردنمان بە کەم و کورتی جیهازی دادوەری لە هەرێمی کوردستان بەگشتی و
لەشاری سلێمانی بەتایبەتی ، لەناوەڕاستی ساڵی 2001 و لە ژمارە بەراییەکانی
رۆژنامەی (هەواڵ)دا دەستمان دایە هەڵمەتێک بۆ ئاشکرا کردن و بڵاوکردنەوەی کەم و
کورتیەکان بەمەبەستی چارەسەرکردنیان ، بەخۆشحاڵیەوە لەبەرهەمی ئەو هەڵمەتەدا
نێوەڕۆی 18/ 11/ 2001 لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ مافپەروەرانداو لەوتارێکی
بەپێزیدا د. بەرهەم ساڵح سووربوونی حکومەتی لەسەر ئەنجامدانی چاکسازی لەو
جیهازە هەستیارەدا نیشاندا .
لە ژمارە (11)ی 1/ 12 / 2001ی (هەواڵ) مانشێتێک لە ژێر ناوی (بەڵێ بۆ چاکسازی
لە جیهازی دادوەریدا ) وتارێک لە لاپەڕە(1) لەژێرناوی (قەزاو دادوەریمان ...
چاکسازی دەوێ و وێنەیەکی کاریکاتێری کە تیایدا د. بەرهەم ساڵح کە ئەوکات سەرۆکی
ئەنجومەنی وەزیرانی ئیدارەی سلێمانی بوو بەردێکی گەورەی بەدەستەوەیە بەرەو
تەرازووە لاسەنگەکەی جیهازی دادوەری هەنگاو دەنێ بۆ راستکردنەوەی ، لەوتارەکەدا
هاتبوو (ئەگەر بمانەوێ دادگاکانمان ، دەزگا دادوەریەکانمان ، قەزامان چالاکتر و
بەگوڕتربن ، دەبێ لەم بوارەدا ریفۆرمێک بەرپا بکرێ و سەر لەنوێ و بەشێوازێکی
گونجاوتر ئەم دەزگایانە دابڕێژرێنرەوە ، تۆکمەتر و توندوتۆڵتر بکرێن ، توخمی
باش و کار و بەراستی ماف و حەق پەروەر لەجێگای گرنگ و پێویست و شایستە بەخۆیان
دابنرێن . ئەو کاتە ، دەزگاکانمان لەو بوارەدا هەڵسوڕاوتر دەبن و عەدالەتیش بۆ
هەموومان ، دوور لەپەرژەوەندی و من منۆکی باڵی بەسەر وڵاتدا دەکێشی و سەربەخۆیی
خۆی دەپارێزی . ئەم ریفۆرمەش کە دەبێ بەزووترین کات دەست بەبەرپاکردنی بکرێت
دام و دەزگا قەزاییەکانی هەرێمەکەمان ڕزگار دەکات لەو گەندەڵی و مەحسوبیەت و
پێشێلکاریانەی ، ئەگەر تەشەنە بسەنن ، مۆرانە ئاسا ئەو بوارە لەناوەڕۆکی
راستەقینەی خۆی بەتاڵ دەکەنەوە ) دوای ئەوەش لە ژمارەکانی پاشتر کۆمەڵی
بابەتمان بڵاوکردەوە ..
بەڕێز کاک نەوشیروان مستەفا ناردی بە دوامداو لەو بارەیەوە کۆمەڵی گفتوگۆی بە
پێزی لەگەڵدا کردم و پێی راگەیاندم کە دادوەر کەمال مستەفایان داناوە بۆ
سەرۆکایەتی دادگا بۆ ئەوەی چاکسازی بکات بۆ ئەو مەبەستە داوای لێکردم کە
هاوکاری ناوبراو بکەم لەو چاکسازیەدا ، بەڵێنی ئەوەم پێدا کە بۆ ماوەی ساڵێک
لەسەر دادگاکان نوسین راگرین و هەوڵ بدەین لەرێگەی کاک کەمالەوە ئەو کەم و
کورتیانە چارەسەر بکەین داواشی لێکردم سەردانی کەمال مستەفا بکەم بۆ ئەو
مەبەستە ئەو داوایەشم قبوڵکرد و سەردانی ماڵی کەمال مستەفام کرد و بەڵێنی
هاوکاری تەواوم پێیدا ... لەماوەی ئەو ساڵەدا هیچ بابەتێکمان لەسەر دادگاکان
بڵاونەکردەوە بگرە چەندین بابەتمان پێ دەگەیشت چی لەسەر دادگاکان چ لەسەر خودی
کەمال مستەفا .. سەرجەم ئەو بابەتانەمان دەدا بە کەمال مستەفا بێ ئەوەی ناو یان
سەرچاوەی بابەتەکانی پێ بڵێین کە ئەمە بەردەوام نیگەرانی دەکرد چونکە دەیوست
سەرچاوە یان خاوەن بابەتەکە بزانێت ، لەو ماوەیەشدا چەندین جار ناوبراو سەردانی
(هەواڵ)ی دەکرد ..
دوای تەواوبوونی ساڵەکە کە دۆخی دادگاکان بەگشتی و دادگای سلێمانی بەتایبەتی
بەرەو خراپتر دەڕۆیشت بۆیە جارێکی تر دەستمان بە هەڵمەتێکی تر کرد لەپێناو
چاکسازی لە جیهازی دادوەریدا ..
لەو ماوەیەدا چەندین کێشەی سەر سوڕهێنەری تر لەناو دادگا سەریهەڵدا لەوانە
چاوپۆشی کردن لە فەرمانبەرێک کە ئیختیلاسێکی گەروەی کردبوو بێ لێکۆڵینەوە
زەمینەی بۆ خۆشکرا کە بەرەو هەندەران هەڵبێت و کوشتنی کەسێک لەناوحەرەمی دادگاو
قووڵ بوونەوەی کێشەی نێوان سەرۆکی دادگاو پارێزەرەکان کە ئەوکات ئەو کێشانە
بوونە بابەت بۆ هەڵمەتەکەی ئێمە .
دواتر هەڵمەتەکە پەرەی سەندوو تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان بۆ بەرنامەی دەسەڵاتی
چوارەم کە برای رۆژنامەنووس کاک مەم بورهان قانع ئامادەو پێشکەشی دەکرد هەریەک
لە مامۆستای بەرێزم تەها بابان کە ئەوکات بەرێوەبەری گشتی (داد)بوو وبەندە وەک
سەرنووسەری (هەوال)ی بانگهێشت کرد و لەو بەرنامەیەدا زۆربەی ئەو کێشانەمان
خستەڕوو .. لەناو بەرنامەکەدا کەمال مستەفا بە تەلەفۆن پەیوەندی کرد و باسی
لەوە کرد کە ناکرێ هەموو شتەکان بنوسرێ یا لەشاشەوە قسەی لەسەر بکرێ و ویستی
قسەکانی من رەت بکاتەوە ... ناچار لە شاشەی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستانەوە هەندێ
بەڵگەنامەم خستەڕوو کە یەکێ لەو بەڵگەنامانە راپۆرتێکی پزیشکی بوو کە ناوبراو
واتە کەمال مستەفا دەرجەی عیجزی 100%ە و بەهۆی ئەو راپۆرتەوە لە ساڵی (1989)
خانەنشین کراوە واتە بەپێی یاسا ناوبراو نەک سەرۆکی دادگا، نابێ پیشەی دادوەریش
بکات .
بەرێز کاک عومەر فەتاح پێی راگەیاندم کە دەستبەرداری ئەو هەڵمەتەبم و پێی وتم
ناوبراو داوای لێکراوە دەست لە کاربکێشێتەوە ..
ئەوەبوو دەستی لە کار کێشایەوە دوای قبوڵکردنی دەست لەکارکێشانەوەکەی لە ژمارە
(91)ی هەوال لە 24 /7/ 2004 هەواڵێکمان بڵاوکردەوە لەژێرناوی "دوای
خانەنشینکردنی سەرۆکی دادگا، وەزیری پەروەردەی سلێمانی لادەبرێ" کە ئەمە
دەقەکەیەتی( بەپێی چەند سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو ، حکومەتی هەرێم ئیدارەی
سلێمانی هەڵمەتێکی چاکسازی ئیداری بەدەستەوەیەو لەو هەڵمەتەدا چەندین لێپرسراو
لە پۆستەکانیان دوور دەخرێنەوە ، ئەو سەرچاوانە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە ،
وەزیری پەروەردە پۆستەکەی لێ وەردەگیرێتەوەو تەنها لە پۆستی وەزارەتی خوێندنی
باڵادا دەمێنێتەوە، بۆ پۆستی وەزارەتی پەرەوەردە "ئەختەر خان " ی خێزانی
خوالێخۆشبوو " د.خەسرەو خال" پاڵێوراوە ، ئەمەو لە هەفتەی رابردوودا حکومەت
رەزامەندی لەسەر خانەنشین کردنی "حاکم کەمال مستەفا" سەرۆکی دادگای سلێمانی
دەربڕیوە کە ئێستا دادوەر "محەمەد محێدین" بەشێوەیەکی کاتی شوێنەکەی پڕکردۆتەوە
ئەمەو پێشبینی چەندین گۆڕانکاری گرنگ لە پۆستەکاندا دەکرێ ) دوای بڵاوبوونەوەی
ئەو هەواڵە کەمال مستەفا لە دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی (3) سکاڵای تۆمار کرد
دوای لێکۆڵینەوەو تەوقیف کردنم لەسەر هەواڵەکە دۆسێکە رەوانەی دادگای کەتن کراو
ماوەی (3)ساڵ زیاترە چەندین دانیشتن لە دادگای ناوبراو بەڕێوەچوو تا دواجار لە
3/ 11/ 2008 من و پارێزەرەکەم ئامادەبووین و سکاڵاکار ئامادەنەبوو دادوەری
دادگای کەتنی (4)ی سلێمانی دوای سەیرکردنی دۆسیەکە وتی :سبەینێ(بڕیارە)دەبێ
بێیتەوە، لەوەڵامدا وتم سبەینێ هەندێ ئیلتزاماتم لە شاری کەرکوک هەیە دەبێ
تەواوی بکەم بۆم دانێ بۆ دووسبەى بەجۆرێک لە تورەبوونەوە وتی :“ئەم مەوزوعە زۆر
درێژەی کێشا ناخۆشبووە سبەینێ وەرە زوو بەڕێت دەخەم ”..
هەر ئەو رۆژە چەند دادوەرێکی بەڕێزم لەناو دادگای سلێمانیدا بینی پرسیاری
ئەوەیان لێ کردم چیم پێویستە تا هاوکاریم بکەن بەندە سوپاسم کردن، چونکە لە
دووشت دڵنیابووم :
یەکەم : سەرۆکی هەرێم لە 23 / 9 /2008 ئیمزای لەسەر یاسای کاری رۆژنامەگەری
کردووە کە بەندکردنی رۆژنامەنووس لەسەر پیشەکەی بەهەموو شێوەکانی رەت دەکاتەوە
و لە 20/ 10 /2008 لە رۆژنامەى وەقائیعى کوردستاندا بڵاوکراوەتەوە.
دووەم: هەواڵەکەی ئێمە بڵاومان کردۆتەوە هیچ تەشهیرێکی تێدا نیە و هەواڵێکی
ئاساییەو بابەتەکانی تر بەشایەدو بەڵگە پێشکەش بە دادگای ناوبراو کراوە .
ریًَکەوتی 4 /11 / 2008 لە دادگای ناوبراو ئامادەبووم لەگەڵ پارێزەرەکەم ، بێ
ئامادەبوونی سکاڵاکار ... جەنابی دادوەر سێ حوکمی بەسەرمدا سەپاند کە یەکەمیان
بەندکردنم بوو بۆ ماوەی مانگێک ، دووەم و سێهەم بەغەرامەکردنم بوو بە 150
هەزار دینار بۆ هەریەکێکیان، بەتوڕەبوون لە من و پارێزەرەکەم وتی “ من حوکمم
داوەو هێز نیە پەشیمانم بکاتەوە ”.. وە خوشکی بەڕێزی جێگری داواکاری گشتی کە
باسی یاسای کاری رۆژنامەنووسیم کرد وتی: ” ئەوەی باسی دەکەی نەبۆتە یاسا هێشتا
لە پەرلەماندا مشتومڕی لەسەرە ، بۆم دەرکەوت کە جیهازی داواکاری گشتی لە چی
خەوێکی قوڵدایە، بەهەر حاڵ جەنابی دادوەر کە هەموو رۆژێک لە هەولێرەوە دێتە
سلێمانی بۆ دەوامکردن و دوای دەوام دەگەڕێتەوە هەولێر، ماندوو بوونی ئەو رێگا
دوورو درێژەی بەمن ڕشت و بەتوورەبوونەوە وتی : ”موناقەشەی قەرار مەکە پۆلیس وەر
بیبە ” !!
بە پێچەوانەی توورەبوون و هەڵچونی دادوەری بەڕێز، لە پۆلیسی بەر دەرگای
ژورەکەیەوە تاوەکو بنکەی پۆلیسی قەزائی و بەرپرس و پۆلیسەکانی سجنی خوارەوە و
فەرمانگەی چاکسازی تاوەکو بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی سلێمانی و بریکاری
وەزارەتی ناوخۆو هەردوو بەڕێزان وەزیرانی ناوخۆو کاروباری کۆمەڵایەتی و جەنابی
جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری داد، ئەوپەڕی رێزیان لەبەرامبەرمدا نواندو
نیگەرانی و دڵتەنگی خۆیان لەو بڕیارە و هەماهەنگی دەربڕی بۆم .
لێرەوە سوپاسی بێ پایانی خۆمیان پێ رادەگەینم و هەروەها سوپاسی نەقیب و جێگری
نەقیب و هاوکارانم لە ئەنجومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسان و سەرجەم ئەو خوشک و
برا بەڕێزانە دەکەم کە پەیوەندیان پێوە کردووم و نیگەرانی و هاوکاری کردنی
خۆیان دەربڕیوە و سوپاسى سەرجەم ئەو رۆژنامەو سایت و کەناڵە میدیایانە دەکەم کە
بە بایەخەوە هەواڵەکەیان بڵاوکردەوە .
رۆژی چوارشەممە 5 /11 / 2008 سەرجەم سەندیکاکانی رۆژنامەنووسان لە جیهاندا بە
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانەوە بۆ پشتگیری کردن لە رۆژنامەنووسانی
زیندانی کراو نارەزاییان دەربڕی .
بۆم دەرکەوت خەڵکانێک هەن لەم وڵاتەدا بێ سڵەمینەوە لەناوو ناوبانگی ئەم وڵاتە
بەردەوام رق و کینەی ناخی خۆیان بۆ ناشرین کردنی ئەم ئەزموونە دەردەبڕن و
پیادەی دەکەن ؟چۆن دەبێت کوردە حەیاتەکە لەو رۆژەدا رۆژنامەنووسی زیندانی کراوی
نەبێت؟!
لە کۆتاییدا دووپاتی دەکەمەوە بۆ رای گشتی و بۆ دادگای ناوبراو ئەگەر حوکمی
هەتا هەتایشم بەسەردا بسەپێنێ کە پەشیمان نیم لەو هەڵمەتەی بۆ چاکسازی لە
جیهازی دادوەریدا ئەنجاممداوە و جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە کە کەمال مستەفا لە
ئەنجامی چاکسازیەکانی حکومەتدا خانەنشین کرا .
شوان داودى
بەڕێوەبەرایەتى چاکسازى گەوران (سجنى معەسکەر سەلام) 2008/11/6
|