سزاى زیندانیکردنی سەرنووسەرى هەواڵ
ناڕەزایی زۆرى لەناوخۆو دەرەوەى کوردستان لێدەکەوێتەوە


دوای حوکمدانی شوان داودی سەرنووسەری (هەواڵ) بە مانگێک زیندانیکردن، رۆژنامەنووسانی کوردستان و چەند رێکخراوێکی جیهانی نارەزایی خۆیان نیشانداو ئەو کارەیان دوای دەرکردنی یاسای نوێی رۆژنامەگەری کوردستان بە نایاسایی وەسفکردو داوای ئازادکردنیان کرد .
لە 5 /11 /2008 ئەنجومەن و لقەکانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بەبۆنەی رۆژی(هاریکاریکردن لەگەڵ رۆژنامەنووسانی بەندکراو لە جیهاندا )چالاکی هەمەجۆریان ئەنجامداو لەو چالاکیانەدا لقەکانی سلێمانی و کەرکوک و گەرمیان زیندانیکردنی رۆژنامەنووس (شوان داودی)یان مەحکوم کرد ، لە وتەی لقی سلێمانی سەندیکاکەدا هاتووە "بەم بۆنەیەوە داوا لەدەسەڵاتدارانی کوردستان دەکەین رۆژنامەنووسی هاوکارمان شوان داودی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و سەرنوسەری هەفتەنامەی هەواڵ ئازادبکرێت" ، لقی کەرکوکیش لەوتەی لەتیف فاتیح فەرەج سەرۆکی لقەکەدا هاتووە " لای ئێمەش رۆژنامەنووس شوان داودی لەلایەن دادگای سلێمانیەوە زیندانیکراوە ، لە شارەکەی ئێمەدا کار بەوەشەوە نەوەستاوە ، تەنانەت هەڕەشە لەگیانی رۆژنامەنووسانی کوردستان کراوە و شەهیدکراون " دواتر لە لێداونێکشیدا بۆ هەواڵ لەتیف فاتح پشتگیری (ئەندامانی لقەکەی و رۆژنامەنووسانی خانەقین و گۆڤاری 88)ی بۆ ئازادکردنی داودی دووپاتکردەوە، بەناوی ئەوانیشەوە وتی "زۆر نیگەرانین کە دادگای سلێمانی دوای ئەو ماوە درێژە لە بە بڕیاربوونی یاسای کاری رۆژنامەنووس ، کار بەیاساکە ناکات " .
هەروەها لەو رۆژەدا لقی گەرمیانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان پەیامێکیان ئاراستەی هەواڵ کردووە کە تیایدا هاتووە " لە 5 /11 /2008 ئێمەى رۆژنامەنووس و کەناڵەکانی راگەیاندن لە گەرمیان بڕیارمان دا پشتیوانی خۆمان بۆ رۆژنامەنووس شوان داودی دەردەبڕین و ئیدانەی زیندانیکردنی دەکەین "
ئەنجومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانیش لەبەیاننامەیەکیدا ئیدانەی زیندانیکردنی داودی دەکات و تیایدا هاتووە کە "دەبوایە دادگا بەپێی یاسا نوێیەکە مامەڵە لەگەڵ کێشەکەی داودی بکردایە و زیندانیکردنی بەسەردا نەسەپاندایە " هەروەها تیایدا هاتووە " شایەنی وتنە کە دادگا خۆی تەڕەفە لەم مەسەلەیەدا " .
هەر پێنجشەمەی رابردوو رۆژنامەنووسانی شاری هەولێر هەڵمەتێکی واژۆ کۆکردنەوەیان ئەنجامداوە تیایدا نزیکەى 50 رۆژنامەنووس پشتگیری خۆیان بۆ داودی دەربڕیوەو داوا دەکەن بەیاسا نوێیەکە مامەڵە لەگەڵ کێشەی رۆژنامەنووساندا بکرێت .
کۆمەڵەى روناکبیری و کۆمەڵایەتی کەرکوکیش لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی ئەو حوکمە دەکات و بەنایاسایی ناوى دەبات ، لەوبارەیەوە نەوزاد شێخانی سکرتێری کۆمەڵەکە بە(هەواڵ)ی وت "ئەگەر دادگای سلێمانی یاسای نوێی پێنەگەیشتبێت ئەوە شتێکی ترسناکە و رۆتینە و ئەگەریش یاساکەیان لابێت و کاریان پێنەکردبێت ئەوە کارەساتێکە بۆ خۆی " .
هەروەها گروپی رۆژنامەنووسانی بێسنووری کوردستانیش بەهەمان شێوە ئیدانەی زیندانیکردنی داودی دەکەن .
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ئەمینستى ئەنتەرناسیۆناڵ نیگەرانی خۆی سەبارەت بە زیندانیکردنەکە نیشان دەدات و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی داودی دەکات ، لیژنەی بەرگریکردن لە رۆژنامەنووسانیش کە بارەگاکەی لە نیویۆرکە راپۆرتێکی لەسەر مەسەلەکە بڵاو کردۆتەوە و ئاماژە بە رەوشی رۆژنامەوانی کوردستان دەکات و هۆشداریش دەدات لەسەر پێشێلکاریەکانی مافی رۆژنامەنووسانی کوردستان و هەروەها رۆبێرت موهین سکرتێری CPG ئیدانەی زیندانیکردنەکەی داودی کردووە و سەرسوڕمانی خۆم لەوە دەربڕیوە کە چۆن حکومەتی هەرێم یاسایەکی هەیە بۆ پاراستنی مافی رۆژنامەنووسان و دەستگیرنەکردنیان کەچی لەواقیعدا پێچەوانەکەی دەکرێت ،هەر لە درێژەى راپۆرتەکەدا موهین داوای ئازادکردنی داودیشی کرد .
ئەمە و چەندین لایەن و رێکخراوو کەسایەتی لە ناوەوەو دەرەوەی کوردستان بەردەوامن لەسەر ئیدانەکردن و ناڕەزایی دەڕبرین لەسەر بەندکردنی رۆژنامەنووس شوان داودی و خراپی رەوشی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان ، هەروەها هەواڵی زیندانیکردنەکە بۆتە جێی بایەخی رۆژنامەو سایتەکانی کوردستان .


 


                                                                                                      بگه‌ڕێوه‌ بۆ سه‌ره‌تا

                                                                                      Copyright © 2008