دوایین ئەڵقە ساتێک بۆ کشانى
ئەستێرە
سەمەد ئەحمەد
سڵاو لە رۆحى خاوێنى پیرەمێرد کە دەڵێت :
" ساڵێک چواردە مانگە ، من مانگم دى چواردە ساڵان بوو"
قسەکەى پیرەمێرد چەند پڕ لە حیکمەتە ، هێندنەش روون و بێ گرێ و گۆڵە . من ئەم
قسەیە بۆ هەڵسەنگاندنى گۆشەى رۆژنامەى لاى خۆمان بەکار دەهێنم . مەبەستمە بڵێم
: هەندێ گۆشەى رۆژنامەکانى لاى خۆمان تەمەنیان پیر بووە بۆیە تا راددەیەک
ئێسکیان قورسە . بەڵام هەندێکى تر ، ئەگەرچى تەمەنیشیان کەمە ، رێک وەک ئەو کچە
چواردە ساڵەى کە پیرەمێرد چواندوویەتى بە مانگ ، جوان و درەوشاوەو شایانى
موتاڵا کردنن ..
ستون ، یان گۆشە کە هونەرێکى رۆژنامەنوسیە وەک هەر چەمکێکى تر پێناسەى جیاجیاى
بۆ کراوە . هەیە پێى وایە کە لە گۆشەى رۆژنامەیى بەخشینى زانیاریە ، هەیە دەڵێت
: نووسینەوەى سەرنجە خێراکانى رۆژنامەنوسە ، هەشە پێى وایە دەروازەیەکە بۆ
رادەربرین لەسەر بابەتێکى دیاریکراو .. کەسى واش هەیە کە هەموو ئەمانە پشتڕاست
دەکاتەوە کە دەڵێت : مەرجە گۆشەى رۆژنامەنوسى نووسەرى ناودار بینوسێت .
من سەرنجێکى رەخنە ئامێزم لەسەر ئەم مەرجە هەیە و هەمیشە بە راستى نازانم ،
چونکە ئەگەر وا بێت ئەوا هیچ رۆژنامەنوسێکى لاو .. یان نوسەرێکى گەنج مافى
ئەوەى نابێت کە ستوونى رۆژنامە بنووسێت ، ئەمان دەبێت چاوەرێ بکەن هەتا
ناوداردەبن ، ئینجا بۆیان هەیە کە خۆیان لە قەرەى ئەم هونەرى رۆژنامەنوسیە بدەن
. ئەمە لە کاتێکدا هەموو کەسێک ئەگەر قسەى هەبێت بۆ وتن ، دەبێت مافى ئەوەشى
هەبێت کە لە گۆشەیەکى تایبەتى رۆژنامەیەکدا بیدرکێنێت . ئیدى کەى مەرجە ئەو
ناوداربێت ، یان بێ ناو ، گەنج بێت یان پیر . کاتێک ئەمە دەڵێم ، دەزانم کە
هەمیشە نوسین و بۆچوونەکانى نووسەرە بە ئەزموون و بە سەلیقەکان لە هەر نوسەرێکى
تر زیاتر شایانى ئەوەن بخوێندرێنەوەو موتاڵا بکرێن . بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا دەبێت
هەموو لایەکمان درک بەوە بکەین و دان بەوەشدا بنێین کە ئەگەر نووسین بە گشتى و
گۆشەى رۆژنامەیى بەتایبەتى بوە بە ئەرکێکى رۆژانە ، هەفتانە ، بە شێوەیەک لە
شێوەکان چۆنایەتى نووسین لەسەر حیسابى چەندایەتى بەرێوە دەچێت . چونکە وشە و
نوسینیش دەشێ وەک و زەوى توشى وشکە ساڵى و بێ بارانى وشە و رستە و بیرى جوان و
نەگوتراو بێت .
جا هەقە بۆ ئەوەى گۆشەکان نەگەن بەو قۆناغە ، یان بۆ ئەوەى قسەکان حیکمەتى وتن
لە دەست نەدەن ، نوسینەکان وەک تەمەنى نوسەرەکانیان پیر نەیەنە بەر زەین و گوێ
، گۆشە نووسە قەدیمەکان ، پشوویەک بە خۆیان و قەڵەمەکانیان بدەن و پانتاییەکە
بۆ نوسەرى دى ، بۆ رۆژنامە نوسى لاو (ئەوانەى کە قسەو بۆ چوون و دید و رەخنە و
سەرنجى نوێ و جوانیان پێیە) جێبهێڵن . .
هیوادارم کەس لێم زویر نەبێت کە دەڵێم : زۆرێک لە گۆشەکانى رۆژنامە کوردیەکان
پیر بوونەو هیچى وایان بۆ وتن پێ نەماوە . کەچى ئەم پیریەى خۆیان بە قسەى
پڤدراوى سەردەمییانە ئارایشت دەکەن ، بەڵام هەر لێیان نایات ، چونکە تەمەنى
گۆشەکەیان بەڵگەى تەواوە کە چەند پیرە . رێک لەو سەر و سمێڵە بۆیاخکراوە دەچێت
کە چرچى و لۆچى دەم وچاوەکە عەشتەباى بە بەهاى تۆخى قەترانى بۆیاخەکەوە
نەهێشتۆتەوە .. لەو قەلەرەشەش دەچێت کە پێى وایە دەنگى وەکو و کەو وبولبول خۆشە
، لە روخساریش وەکو و ئەوان جوانە !
من هیودارم گۆشە نووسە بەتەمەنەکان ( ئەوانەى تەمەنى گۆشەکەیان تولانى کێشاوە و
هەر خۆیان دووبارە دەکەنەوە) رەحمێک بە خۆیان و خوێنەران بکەن ، ئەگەر بۆ
ماوەیەکى کاتییش بێت دەست لەو کارە (گۆشە نوسین)ە بکێشنەوە .
هەقە هەموو لایەکمان درک بەوە بکەین کە گۆشەى رۆژنامەیش وەک هەر شتێکى تر
تەمەنێکى دیاریکراوى هەیە ، ئەگەر لە تەمەنى دیاریکراوى خۆى زیاتر ژیاو لەو
مەیداندا مایەوە ، ئەوا وەک هەر سیستمێکى سیاسی تووشى گەندەڵى و لێقەومان دەبێت
. لە سۆنگەى ئەم راستیانەوەیە کە من ئەمجارەش دەمەوێت پشوویەک بە قەڵەمەکەم
بدەم ، ئەو ئەستێرەیەى کەتەمەنى هەر چەند مانگێکە ، بە ویستى خۆم بیکوژێنمەوە .
کاتێک ئەمە دەڵێم دەبێت ئەوەش بەیان بکەم کە لەو بروایەدا نیم لەم چەند مانگەدا
کە هیچ کەسێک هێندەى من لە چەند نوسین و چى نوسین و چۆن نوسیندا ئازاد بووبێت .
بۆیە لێرەدا جگە لە سوپاس و رێز و خۆشەویستیم بۆ سەرنوسەر و بەڕێوبەرى نووسین و
تەواوى ستافى (هەواڵ) کە ئەم ئازادییەیان بە من بەخشى هیچى دى شک نابەم ..
بە خوێنەرانیش دەڵێم : ماڵئاوا تا گۆشەیەکى تر ...
samadahmd@yahoo.com
|