پاساوی توندوتیژی بۆ توندوتیژی

دڵسۆز حەمە


لە‌گە‌ڵ ئە‌وە‌ی شە‌رعیە‌تدان بە‌ فرە‌ژنی وبە‌یاساییکردنی پۆلۆگامی وە‌کو فۆرمێکی کۆن و پریماتیڤی هاوسە‌رگیری ،بۆ خۆی یاسایە‌کە‌ هە‌ڵگری ناوە‌ڕۆکی پڕ توندوتیژی وبە‌رجە‌ستە‌کردنی عە‌قلیە‌تی بە‌ مێگە‌ل تە‌ماشاکردنی ژن و،بە‌ شتومە‌ککردنی ژن وپێشێلکردنی تە‌واوی بونیادی ئینسانی وکە‌رامە‌تیێیتی ،داماڵینێتی لە‌بەهای سروشتی خۆی وە‌کو مرۆڤێکی کامڵ وسە‌ربە‌خۆ ، شە‌رعیە‌تدان بە‌ هارسە‌رگیری پیاوێک لە‌گە‌ڵ زیاد لە‌ ژنێکدا ،لە‌ کۆمە‌ڵگایە‌کی وە‌ک ئە‌وە‌ی ئێمە‌ کە‌ کۆمە‌ڵگایە‌کە‌ تاسە‌رئێسقان فە‌رهە‌نگی پاتریارک ودە‌ستئاوە‌ڵایی نێر بە‌سە‌ر مێدا هێندە‌ بەهێز وبێلێپرسینە‌وە‌یە‌ ،هێندە‌ شە‌رعیە‌تی کۆمە‌ڵایە‌تی هە‌یە‌ ،کە‌ دە‌بینین ، شە‌رعیە‌تی ئە‌و دە‌سە‌ڵاتە‌و چە‌مکە‌ ئە‌خلاقی وسنورە‌ قە‌دە‌غە‌کراوە‌کانیە‌تی کە‌ ڕۆژانە‌ جە‌ستە‌ی دە‌یان ژن دە‌کاتە‌ خە‌ڵتانی خوێن ،دە‌یانی دی بە‌ جۆرێکی دی دە‌بنە‌ قوربانی و ڕوبە‌ڕی مە‌رگی لە‌سە‌رخۆ دە‌بنە‌وە‌ ،ئە‌مە‌ جگە‌ لە‌وە‌ی لە‌ کۆی گشتیدا چارە‌نوسی زۆربە‌ی ژنان بە‌ پێی ئە‌و شە‌رعیە‌تە‌ پاتریارکیە‌ لە‌دە‌ستی خۆیدا نیە‌ ،هە‌رئە‌م یاسا نە‌نوسراوە‌شە‌ کە‌ هە‌زاران کچی منداڵ وهە‌رزە‌کار بە‌ بڕیاری باوک وبرا خێزان بە‌گشتی لە‌ خوێندن مە‌حروم دە‌کرێن ،چارە‌نوسیان ،شێوە‌ی ژیان وسنوری جوڵە‌و هە‌ڵسوکە‌وتیان ، ،مێردکردن و هە‌ڵبژاردنی دواڕۆژیان ،وە‌کو هە‌رکۆیلە‌یە‌کی سە‌دە‌ی هە‌ڤدە‌ وهە‌ژدە‌ خۆی خاوە‌نی بڕیاری ژیان وچارە‌نوسی خۆی نیە‌ ، لە‌ سفیرێکی وەها نابە‌رابە‌ر ونایە‌کسان ونامرۆڤانە‌دا کە‌ فە‌رهە‌نگی پاتریارک بە‌رهە‌می هێناوە‌ ،هە‌مانکات بۆ خۆی ئە‌و سفیرە‌ش بە‌رهە‌می فە‌رهە‌نگی پاتریارکی خۆیە‌تی کە‌ فاکتە‌رە‌کانی نە‌ریت ونزمی هۆشیاری گشتی وئایین وهە‌ژاری ونزمی باری ئابوری ڕۆڵی سە‌رە‌کیان هە‌یە‌ لە‌ ڕاگرتن و دە‌سە‌لاتپێدانیدا ،لە‌ سفیرێکی ئاوەهادا ،شە‌رعیە‌تدان بە‌ فرەهاوسە‌ری بۆ پیاو ،درێژە‌ی هە‌مان ئە‌و سفیرە‌ نایە‌کسان و هە‌لاواردن وجیاکاریە‌یە‌ کە‌ فە‌رهە‌نگی پاتریارکی لە‌ کۆمە‌ڵگای ئێمە‌دا بە‌رهە‌می هێناوە‌ ،شە‌رعیە‌تدانە‌ بە‌ ڕویە‌ک لە‌ ڕوە‌کانی توندو تیژی وچە‌وساندنە‌وە‌ی ژنان ،دیدی بە‌ مێگە‌ل تە‌ماشاکردنی ژنان لە‌م پڕۆژە‌یە‌دا بە‌ چە‌ندان شێوە‌ سوکایە‌تی وبێحورمە‌تی بە‌ بەهای مرۆڤانە‌ی ژن کردوە‌ ،هە‌ر لە‌سە‌روبە‌ندی قە‌بوڵکردنی فۆرمی گشتی یاساکە‌ تادە‌گاتە‌ مە‌رجە‌کانی ،ئینجا پاساوە‌کانیشی ،هە‌ریە‌ک لە‌وانە‌ لە‌سە‌ربنە‌مای بە‌ کە‌م تە‌ماشاکردنی ژنان و بریندارکردنی کە‌رامە‌ت وبەهای ئینسانی بیناکراوە‌ ،کە‌ من زیاتر لە‌سە‌ر پاساوە‌کان دە‌وە‌ستم ،چونکە‌ مە‌رجە‌کان هێندە‌ کۆمیدی وساختە‌و بێمانان ،هێندە‌ فێلێکی ئاشکرایە‌ لە‌ ماف وعە‌دالە‌تی کۆمە‌ڵایە‌تی کە‌ دە‌توانین بڵێین ئە‌مە‌ ڕونترین بە‌ڵگە‌ بو بۆ پیشاندانی ڕوی پاتریارکی ودواکە‌وتویی سیستە‌می سیاسی لە‌ وولاتی ئێمە‌دا کە‌ بە‌ دڵ خە‌ون بە‌ دیموکراسیە‌وە‌ دە‌بینێت وخۆی وەها نیشان دە‌دات ،بە‌ڵام بە‌ عە‌قڵ لە‌ ئایین ونە‌ریت وفە‌رهە‌نگی پاتریارک وخێڵە‌کیدا هە‌ردوقاچە‌کانی چە‌قیون ، پاساوە‌کانی یاسای فرە‌ژنی لە‌ میکانیزمی دە‌رکردنی یاساکە‌و مە‌رجە‌کانی گە‌ڵێک ئازاراوی تر وپڕی لە‌ سوکایە‌تیکردن و دیدی بە‌ شتومە‌ککردنی ژنانە‌ ، پاساوی بێوە‌ژن وقە‌یرە‌کچ !! بە‌و مانایە‌ی یاسای فرە‌ژنی بۆ فراونترکردنی بازاری ساغکردنە‌وە‌و سە‌رفکردنی ژنانی بێمێرد وکچانی بە‌تە‌مە‌ن وشونە‌کردون ،
کە‌ ئە‌مە‌ لە‌ ڕوی کۆمە‌لایە‌تی ولە‌ ڕوی ئە‌خلاقی ومرۆڤایە‌تیشە‌وە‌ ،قسە‌کردنە‌ بە‌ناوی توێژێکی کۆمە‌ڵایە‌تیە‌وە‌ ،قسە‌کردنێک کە‌ لە‌ بەهای ئینسانیان دێنێتە‌خوار هە‌مانکات زیادە‌ڕۆییە‌ بۆسە‌ر پریڤاتی ئە‌وان ،مرۆڤ وە‌ختێ دە‌گاتە‌ دە‌زگایە‌کی وە‌کو پارلە‌مان لانی کە‌م دە‌بێت لە‌ ڕوی هۆشیاری وهە‌ستی مرۆڤایە‌تی وئسوڵی کۆمە‌ڵایە‌تی لە‌وە‌ تێبگات کە‌ هە‌مو مرۆڤێک پریڤات و سنوری تایبە‌تی خۆی هە‌یە‌ ،دە‌ردی کوشندە‌ی کۆمە‌ڵگای ئێمە‌و زۆربە‌ی کۆمە‌ڵگا نە‌ریتی ودواکە‌وتوە‌کان ،نە‌زانین ونە‌دیتن وداننە‌نانە‌ بە‌و پریڤات وسنورە‌دا ،بە‌ڵکو ئە‌م فە‌رهە‌نگانە‌ لە‌سە‌ر سڕینە‌وە‌ی تاک وتێکوپێکشکانی گیانی تاک ڕە‌وی وسە‌ربە‌خۆبونی مرۆڤ وسە‌ندنە‌وە‌ی ئازادیە‌کانی بیناکراوە‌ ،بە‌ تایبە‌تی ئە‌و تاکە‌ ئە‌گە‌ر مێ بێت ،بە‌ڵکو هیچ دونیابینی ئە‌خلاقیی کۆمە‌ڵایە‌تی ئێمە‌ لە‌سە‌ر دوپایە‌ی سە‌رە‌کی هاڵسوکە‌ت لە‌گە‌ڵ ژنە‌کاندا دە‌کات ،گومان وجە‌ستە‌ ،جە‌ستە‌ی ژن هێندە‌ کۆدێکی ئە‌خلاقی گرنگ وهە‌ستیار وئاڵۆزە‌ کە‌ هە‌ڵگر وکورتکراوە‌ی هە‌مو کۆدە‌کانی ترە‌ ،ئە‌م دیدە‌ جە‌ستە‌ییە‌ ،لە‌ کۆمە‌ڵگایە‌کدا کە‌ پیاوی ماڵ هە‌میشە‌ بانگە‌شە‌ی داپۆشین و پارێزگاریکردنی دە‌کات ،پیاوی دە‌رە‌وە‌ی ماڵ ،هە‌میشە‌ هە‌وڵی هە‌ڵماڵین ودە‌ستخستنی دە‌دات ،لە‌م دواڵتیە‌ ئە‌خلاقیە‌ی کۆمە‌ڵگای ئێمە‌دا ،گومان هە‌میشە‌ بە‌رە‌نجامێکی ئامادە‌یە‌ ،هە‌ربۆیە‌ پیاوێک لە‌ پێگە‌ی (مێرد )دا ،لە‌ دیدی گشتی کۆمە‌ڵایە‌تی ئێمە‌دا بە‌ پلە‌ی یە‌ک زامنکردنی پێگە‌یە‌کی کۆمە‌ڵایە‌تی سە‌لامە‌ت و وە‌رگرتنی شوناسێکی کۆمە‌ڵایە‌تیە‌ بۆ ژن ،نە‌ک پێکە‌وە‌نانی خێزان وپێکە‌وە‌گرێدانی دوڕۆح لە‌ عە‌شق وخۆشە‌ویستیدا ،هە‌ربۆیە‌ ژنانی بێمێرد ( بێوە‌ژن) ،کچانی قە‌یرە‌ دە‌بنە‌ خە‌می پارلە‌مان و دە‌بنە‌ بەهانە‌ش بۆ پاساوی یاسای بە‌ مێگە‌ڵ کردن ،ئە‌مە‌ جگە‌ لە‌وە‌ی کە‌ کۆمە‌ڵگا وئە‌ندامانی پارلە‌مان وهە‌مو کە‌سێکی ئاسایی دە‌زانێت ،وە‌ختێک پیاوە‌کان بڕیاری ژنی دوە‌م وسێهە‌م دە‌دە‌ن ،ئە‌وە‌ ئە‌و دو جۆرە‌ کاندیدانە‌ ناگرێتە‌وە‌ کە‌ پارلە‌مان پێشنیاری کردون ، هێندە‌شمان تاقیکردنە‌وە‌ی ئە‌و سە‌رکردە‌سیاسیانە‌مان لە‌ پێشچاوە‌ کە‌ بەهە‌مو هە‌ستی قوڵی نیشتمانی ودڵسوتاویان بۆ ئە‌نفال وژنانی شەهید ،نە‌مانبینی لە‌و لە‌شکرە‌ ژنهێنە‌رانە‌ کە‌سێک ژنێکی ئە‌نفال یان ژنە‌ شەهیدێک یان کچێکی قە‌یرە‌ش مارە‌کاتە‌وە‌ ،چجای ئە‌گە‌ر پیاوێکی ئاسایی بێت وهە‌ستی نیشتمانی وهۆشیاری ،وە‌کو ئە‌و سە‌رکردە‌ مە‌زنانە‌ بە‌رز نە‌بێت !!،ژنانی بێوە‌ژن وکچانی قە‌یرە‌ ،نە‌ک هە‌ر شتومکە‌ک نین وعە‌للاگە‌ نین کە‌ بیانوە‌کانیان پێدا هە‌ڵواسن ،ژنانی بێوە‌ژن ، وە‌ک هە‌ر مرۆڤێکی دی خاوە‌نی کە‌رامە‌ت وهە‌ست وهۆش وبە‌رپرسیارێتی خۆیە‌تی ،قوربانی ئە‌و گە‌مە‌ سیاسیانە بون کە‌دە‌یان شە‌ڕی ناڕە‌وای هە‌ڵگیرسان لە‌وانە‌ش شە‌ڕی ناوخۆ ،ئێستاش دوای شکانی دڵیان وهە‌تیوکە‌وتنی منداڵە‌کانیان ،بە‌و بەهانە‌یە‌ش کە‌رامە‌تیان دە‌شکێندرێت ،کچانی قە‌یرە‌ ،شتومە‌ک نین ، لە‌بە‌ر نە‌بونی مێرد وشوناسێکی پیاوانە‌ لە‌ ژیانیدا مانای ئە‌وە‌ نیە‌ کە‌ مرۆڤێکی بێدە‌سە‌ڵات وگوناح وبێبە‌ش وتێکشکاوە‌ لە‌ ناخدا ،کە‌ بە‌ نیوە‌ یان چارە‌کە‌ پیاوێک ڕازی بێت ،دیدی کۆمە‌ڵگای ئێمە‌ بۆ کچی قە‌یرە‌ لە‌ ترسناکترین و توندوتیژترین دیدە‌ بۆ ئینسان ،زۆرێک لە‌و کچانە‌ ،لە‌بە‌ر هۆشیاری بە‌رزی خۆیان ،ڕێکە‌وتە‌کانی ژیان ،بڕیار وڕاستگۆیی خۆیان لە‌گە‌ڵ خۆیاندا مێردیان نە‌کردوە‌ و بە‌ هە‌مو چارە‌نوسێک ڕازی نە‌بون ،بە‌کارهێنانی ئە‌وان بۆ پاساوی یاسایە‌کی شە‌رمهێنە‌ر خاڵێکی شە‌رمهێنە‌رترە‌ ، گرفت لە‌ زۆری بێوە‌ژن وقە‌یرە‌کچاندا نیە‌ وە‌کو دە‌سە‌ڵات وهە‌ندێک لێپرسراو بە‌ هۆشیاریە‌کی سادە‌وە‌ پێمان دە‌ڵێت ، گرفتە‌کە‌ لە‌ خیتابی سیاسی دە‌سە‌ڵاتدایە‌ لە‌ هە‌مبە‌ر دیموکراسی وئازادی وماناکانی مرۆڤی ئازاد ،لە‌ هە‌مبە‌ر بە‌رهە‌مهێنانی فە‌رهە‌نگی دیموکراسی وبیناکردنی کۆمە‌ڵگای ئازاد ، گرفت لە‌ بە‌رنامە‌ی سیاسی وستراتیژی دە‌سە‌ڵاتدایە‌ بۆ بیناکردنی خێزان وبیناکردنی مرۆڤ ،گرفت لە‌ واقیعێکی کۆمە‌لایە‌تی و ئابوری وفە‌رهە‌نگیدایە‌ کە‌ هۆکاری سە‌رە‌کی دە‌سە‌ڵات خۆیە‌تی ،گرفت لە‌ ناعە‌دالە‌تی کۆمە‌ڵایە‌تی وبە‌ڕێوە‌بردنی خە‌مساردانە‌ی کۆمە‌ڵگایە‌کە‌ کە‌ سە‌رلە‌نوێ پێویستی بە‌ بیناکردنە‌وە‌ی ئینسان هە‌یە‌ ،گرفت لە‌و سیستە‌مە‌ ئیداریە‌دایە‌ کە‌ دە‌یان فیگە‌ری کۆڵە‌وار ونە‌خوێندە‌وار وبێئاگا وکۆنە‌پە‌رستی هە‌ڵداوە‌تە‌ شوێنی هە‌ستیاری وە‌کو پارلە‌مان وناوە‌ندە‌کانی بڕیار ، لە‌ ئازادی وسفیری پە‌یوە‌ندی ئینسانی ودابینکردنی ژیانی ئابوری باشدا ،فە‌رهە‌نگێکیش نامێنێ بە‌ناوی بێوە‌ژن وقە‌یرە‌کچ ،ئە‌وە‌ی دە‌مێنێ ،پێویستی مرۆڤە‌کانە‌ بە‌ حورمە‌ت وخۆشە‌ویستی ،ئە‌وکاتیش ، هە‌رحورمە‌ت وخۆشە‌ویستی ژن وپیاوە‌ بۆ یە‌کتر کە‌ ئە‌و وهەمی ((فرههاوسە‌ری ) و(عە‌دالە‌ت ) بە‌ درۆ دە‌خاتە‌وە‌ ، ئە‌و یاسایانە‌ ،بە‌لایە‌ک شانخاڵیکردنە‌وە‌ی دە‌سە‌ڵاتە‌ لە‌ تە‌نگژە‌کانی کۆمە‌ڵگا ودڵرازیکردنی هە‌ندێک لایە‌نی کۆنە‌پە‌رست ،بە‌لایە‌کی دی جە‌وهە‌ری ڕاستە‌قینە‌ی دیدی دە‌سە‌ڵات خۆیە‌تی لەهە‌مبە‌ر ژن ومافە‌کانی .



 


                                                                                                      بگه‌ڕێوه‌ بۆ سه‌ره‌تا

                                                                                      Copyright © 2008