تورکمانەکان سەردانی تاڵەبانی دەکەن
عادل عەبدولمەهدیش پێشوازی لەعەرەبەکانی کەرکوک دەکات


چوارشەمەی رابردوو وەفدێکی حیزبی تورکمان ئیلی سەردانی سەرۆک کۆماریان کرد و رۆژی پێشتریش عادل عەبدولمەهدی جێگری سەرۆک کۆمار پێشوازی کرد لە ژمارەیەک بەرپرس و سەرۆک خێڵە عەرەبەکانی قەزای حەویجە .
لە سەردانەکەی وەفدە تورکمانیەکەدا کە پێکهاتبوو لە ریاز ساری کەهیە سەرۆکی پارتى تورکمان ئیلی و محەمەد غازی بەرپرسی لقی بەغدای پارتەکە و چەند کادیرێکی تری ئەو پارتەی سەر بەبەرەی تورکمانی ، سەرۆک تاڵەبانی جەختی لەسەر بتەوى برایەتی کورد و تورکمان و عەرەب کردەوە و وتیشی " تورکمان وەکو نەتەوە شایەنی هەموو جۆرە کۆمەک و پاڵپشتکیردنێکی سیاسی و ئیداری و ئابورین " تاڵەبانی ئەوەشی وت کە دەبێت سەرجەم نەتەوە براکانی کەرکوک هاوکاری یەکتر بکەن بۆ چارەسەرێکی کەرکوکیانەی کێشەیان. لای خۆیانەوە ریاز ساری کەهیە و وەفدە هاوڕێکەی سوپاسی سەرۆک کۆماریان کرد و هیوای لەشساغییان بۆ خواست و جەختیان لەوەش کردەوە کە پێویستە لێکتێگەیشتن لەناو کەرکوکیەکاندا هەبێت و پێویستیشە کورد و تورکمان کە سەدان ساڵە لە کەرکوکدا پێکەوە دەژین پتر هاوکاری یەکتربکەن  و کار بۆ لابردنی ئەو پشتگوێخستنە بکرێت کە تورکمانی تیادایەو دەبێت حیزبە کوردی و تورکمانیەکان زیاتر کار بەیەکەوە بکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێ بۆ کێشەکانی ئێست و داهاتووی کەرکوک . لەسەردانەکەی عەرەبەکانیشدا ، عادل عەبدولمەهدی جێگری سەرۆک کۆمار ئاماژەیدا بەگرنگی هەماهەنگی لایەنە بەرپرسەکانی پارێزگای کەرکوک و قەزای حەویجە لەگەڵ حکومەتی ناوەندا بۆ برەودان بەواقیعی قەزاکە لەرووی ئاوەدانکردنەوەو خزمەتگوزاریەوە .
ئەم سەردانانە لەچوارچێوەی زنجیرە سەردانیەکانی لایەن و حیزب و پێکهاتە جیاجیاکانی کەرکوک دێن بۆ پایتەختی ناوەند بەمەبەستی دەستەبەرکردنی پشتگیری بەرپرسە جیاجیاکانی دەوڵەت بەتیابەتی بەر لەئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکان و هەوڵەکانی مالیکی بۆ هەموارکردنی دەستورو کەمکردنەوەی رۆڵی کورد لەناوەندو هەرێم و ناوچەکانی ململانێدا .
 


                                                                                                      بگه‌ڕێوه‌ بۆ سه‌ره‌تا

                                                                                      Copyright © 2008