دەمانچە و چەقۆ هەوادارانی زۆربوون

حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ڕه‌سوڵ


راستە بەکارهێنان و کڕین و فرۆشی چەک پەیوەندی بەئاستی پێشکەوتن و دواکەوتنی کۆمەڵگاوە نییە و بۆ وێنە ئەمریکاکە ترۆپکی پەرەسەندن و پێشکەوتن و دیمۆکراسییەتە ، کەچی وەکو ئامارەکان پێمان دەڵێن لەهەر حەوت خولەک جارێکدا مرۆڤێکی ئەمریکی دەکوژرێت ، یان بەدەمانچە یان بەچەقۆ ..!
بەڵام وڵاتەکەی ئێمە ناوازەیەو بێنموونەیە لەئەزموون و پڕە لەچیرۆک و دیرۆکی خوێناوی و کوشت وکوشتارو سەربڕین و لەتوپەتکردن و قڕکردنی مرۆڤەکانی ، ئێمە یەک تەنها لەبەر ئەوەى نەتەوەی کورد بووین ، بەرامبەرە دڕندەکەمان بەکاڵی و بەبرژاوی پارچە پارچە و هەلاهەلای کردووین ، گشت کەرەستەکانی زەبروزەنگ و توندوتیژی بۆ قەڵاچۆکردن وبنەبڕمان بەکار هاتوون .. بۆیە مێژووییەکی درێژمان لەگەڵ مەترسی فەنابوون و خەتەرناکی مەرگدا هەبووە ، چونکە ئاسوودە و دڵنی و راشکاو نەبووین بەارمبەر بەژیانمان .. چونکە چرکەکانی ئاسایش و حەوانەوە و هێمنیمان هێندە کەمبوون ، متمانەو گەرەنتیمان بەدەوروبەرو بەفاکتەرەکانی مانەوەمان بەزیندوویی کزو کزتربووە .. لەبەر ئەوەى کە دوژمنەکانمان هەمیشە چەکیان بەدەستەوە بووە ، لەپەرچەکرداردا ئێمەش بەناچاری پەنامان بۆ چەک بردۆتەوەو بەرەنگاری ئاگرو باروودی بێبەزەیی نەیارەکانمان ، چەکی لێکردووینەتە هاوەڵ و یاوەر .! بیریشمان نەچێت کە دیکتاتۆرەکەی بەغدا ماوەیەکی دوور و درێژ لەسەر ئەو ستراتیژییەتە کارەیدەکرد و کورسی حوکمڕانی لەژێردا بوو ، کە بەیەکسانی هەر ماڵە و هەر تاکێکی ئەم وڵاتە چەکێک یان زیاتری بەربکەوێت .. خولی و ئارەزووییەکی ئەوتۆی لای تاکی عێراقی دروستکرد کە هێدی هێدی حەز لە چەک بکەن ـ حەز لە خۆگیڤردنەوە و خۆ بەزلزان و بە پیاوێکی بەهێز لەهەست و دەروونیاندا موتوربە بکات .. حەز لە کوشتنی مرۆڤ زیاد بێت و تۆڵەسەندنەوە و زەبروزەنگ خەسڵەتییە کە مینی مرۆڤ وتاکی ئەم کۆمەڵگایەمان بێت .. ویستی کەلتوورێک بکاتە مۆدێک کە خەڵکی بیریان بەتێژی لای چەک بێت ، تەنانەت یاری منداڵەکانیشمان هەر دەمانچە و تفەنگ و تانک و سەیارەی پۆلیس بوو لەبازاڕەکاندا دەفرۆشران .. ئێمەش دەمانچەمان دەدایە دەست کوڕەکانمان و بووکە شووشەمان بۆ کچە قشتیلەکەمان دەکڕی .. کەلەئایندەدا کوڕەکان ((بەزەبری پەروەردەی خێزانی چەواشەمان بەدەمانچە و چەقۆی راستەقینە خوشک و دایک و خێزانی خۆیان دەکوشت !!)) .. کە لەراستیدا هەتاکو ئێستاش بازرگانەکانمان کەدەچنە دەرەوەی وڵات ، دەمانچە و چەقۆ و چەکیان بۆ کوڕو منداڵ و گەنجی ئەم وڵاتە هەناسە ساردە بیرناچێت و بگرە لە جەژن و موناسەبەکانیشدا دەمانچەی ساچمە و مووروویان دەمانچە و فیشەکە شێتە دێنن و بەلێشاو دەیانفروشن و بەڵیشاویش منداڵان بریندار دەبن و کوێردەبن و رەنگە بشمرن و کەچی گەورەکان ناتوانن ئەو خواست و ئارەزووە لەمنداڵەکانیاندا بمرێنن و پۆلیس و هێزی ناوخۆش ئەو دیاردە ترسناکەی پێ قەڵاچۆ ناکرێت و ناتوانن غەرامە و سزا لەسەر بازرگان و دوکاندارو فرۆشیاری ئەو چەکە مەترسیدارانە زیاد و زیاتر بکەن ..!
ئەم حەزو ئارەزووە لای منداڵی کورد گەورە بووە و بەکاریگەری لاسابیکردنەوەو چاولێکەری لەنێو گەنجەکانیشماندا بەرێژەیەکی بەربڵاو زیادی کردووە وڕوو لەتەشەنە سەندنە .. رێژەیەکی زۆر لەگەنج و گەورەکان کە بەداخەوە ئاستی رۆشنبیری و خوێندن و بڕوانامەیان زۆربەرزنین و رەنگە زۆربەش لەچینی مامناوەند و زەنگینیش بن ، هەڵگری چەقۆو دەمانچەن و رۆژانە لەم کوردستاندا ، لێرە و لەوێ کارەساتی دڵتەزێن روودەدەن .. مەڵبەندو ناوەندەکانی پۆلیس ، هەروەها لوورەی سەیارەی پۆلیس و ئیسعاف ، یان بەرنامەی ( In zoom ) شاهید و گەواهی ئەوە دەدەن کە خەڵکانێکی زۆر هەن شەڕ دەکەن و هەندێکیان کەسو خزمی نزیکی یەکتریشن و لەسەر شتی زۆر سادە و بێمانا ، لەبەر قسەیەکی رەق و جنێوێک پەلاماری یەکتری دەدەن و یان چەقۆ یان دەمانچەی تیادا بەکاردێت و چەند کەسێک لەو شوێن و کاتەدا دەبنە کۆچی قوربانی !گومانی تێدا نییە دیارە ئەم دیاردەیە لەدوای پرۆسەی رزگارکردنی وڵات لەدیکتاتۆرییەت و هەڵڕژانی دەفتەرە دۆلار  و گەشەسەندنی باری ئابووری و ناسەقامگیری بارودۆخی سیاسی و دیاردەی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێل و کوشتنی بەلیشاوی مرۆڤ وزیادبوونی چەک و فرۆشتنی بە شێوەیەکی راستەوخۆو ئاشکرا لەبازاڕەکاندا بەرە و زیادبوون هەڵکشاوەو زەمینە سازی بۆ خۆشکراوە کە هەر گەنجێک رقی لەبرادەرەکەی خۆی هەڵگرت و لەسەر پارە یان ئافرەت یان بازرگانی یان قومار یان خواردنەوە ، دەچێت دەمانچەیەکی ستیلی هەرزان و حازربەدەست ، یان چەقۆو کێردێک لەوەی رامبۆ کە مووقاش دەکات بە ئاسانی و لەبازاڕەکانی کوردستاندا بکڕێت و ئەو نەیارەی بکوژێ و وەکو بەرزەکی بانان بۆی دەربچێت و رەنگە لەمالێ بەرپرسێک یان مەسئولێک ببێتە پاسەوان یان چایچی و ئاشپەزو دادگاو یاساش هەر سیر بخۆن و زووڕنا لێبدەن ..!! دیارە دەرکەوتنی هەر دیاردەیەک و بەڕێژە و بەئاستێکی بەرز و هۆکاری تایبەت بەخۆی هەیە ، ئەم دیاردەیەش وەکو وتمان لە کۆمەڵگاکەماندا بوون و بەرکەماڵبوون زەبروزەنگ و توندوتیژی یەکەمین هۆکارێکە بۆ پەنابردنە بەر کەرەستەی یەکتر قبوڵنەکردن و یەکتر سڕینەوە و فەوتاندن ، نەبوونی زەمینەیەکی مەدەنی و شارستانی بۆ دیالۆگ و ئاخاوتن لەنێۆان توێژ و چینەکاندا هۆکارە بۆ بەکارهێنانی چەک ، مێژووییەکی درێژی حوکمی سەربازی و هەڵایسانی جەنگ و بە ئاساییکردنی بەکارهێنان و هەڵگرتنی چەک ڕەگی ئەم دیاردەیەی بەتوندی داکوتیوەو هێشتاکە حکومەتی کوردستان پلانی نییەو یاساو بڕیارەکانی توندو پتەو و سەرەور نین بۆ قەدەغە کردنی هەڵگرتنی چەک و ناتوانێ خەڵکی مەدەنی کۆنترۆل بکات کە هەڵگری چەکی بێ مۆڵەت و ئیجازەن .. ناتوانێت کوڕی بەرپرسێک سزا بدات و لەزینداندا توندی بکات کە چەکی بۆ مۆڵەتی شۆفێری سەیارە جام ڕەشە مۆدێل بەرزەکەشمان لەولاوە بوەستێ.. ئیدی چۆن هەزاران دیاردەی کوشندە و خەتەرناک روو لەم زێدونیشتمانە هەتیوە ناکات ...!

heme a.rasoel 961@yahoo .com
 


                                                                                                      بگه‌ڕێوه‌ بۆ سه‌ره‌تا

                                                                                      Copyright © 2008